لە تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان "بەرەی موبارزینی مەردومی" و سپای تێرۆریستیی پاسداران لە سەراوانی سیستان و بەلووچستان، دوو فەرماندەی باڵای ئەو هێزەی ڕێژیم کوژراون و لانیکەم ١٣ چەکداری دیکەی سپای پاسدارانیش بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەر، « بەرەی موبارزینی مەردومی » بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بەرپرسیاریەتیی تێکهەڵچوونی چەکداریی چەند کاتژمێری لە ناوچەی جەهادئاباد سەر بە شارستانی سەراوانی، لە ئەستۆ گرت و ڕایانگەیاند کە دەیان هێزی سەربازی و ئەمنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.
ئەم بەرەیە ڕایگەیاند کە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامانی و تێکهەڵچوونەکە لە دەوروبەری نیوەڕۆوە دەستی پێکردووە و چەند کاتژمێری خایاندووە.
«بەرەی موبارزینی مەردومی» لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە سەرتیپ حوسێن زەریفی، فەرماندەی بنکەی ئۆپەراسیۆنی "سەجاد" لە سەراوان، و ئەحمەد هەراتی زەرعەتی، بەرپرسی ئیتلاعاتی ئەو بنکەیە، لەو تێکهەڵچوونەکەدا کوژراون.
هاوکات ئەم بەرەیە، گیانلەدەستدانی ٤ چوار ئەندامی خۆی ڕاگەیاند.
هێزی زەمینیی سپای پاسدارانیش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، کوژرانی ئەو دوو فەرماندە و برینداربوونی چەند چەکدارێکی خۆی پشتڕاست کردەوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان بەلووچستان هەروەها باسیان لە بوونی بەربڵاوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیم، داخستنی ڕێگاوبانەکانی سەر بە شوێنی تێکهەڵچوون، فڕینی هێلیکۆپتەر و بینینی دڕۆن لە ناوچەی شەڕەکەدا کردووە.
شایانی باسە لە یەک مانگی ڕابردوودا، چەندین تێکهەڵچوونی سەربازی لە بەلووچستان ڕوویان داوە و دەیان هێزی سەربازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون و هەتا ئێستاش ناوەناوە هەر بەردەوامە و ڕێژیم شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایەی بەتەواوی مێلیتاریزە کردووە.