لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین هاووڵاتی لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بانە، دیواندەرە و ورمێ دەسبەسەر کراون و هەروەها کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئیلام چوار ڕۆژە لە بەندیخانەی کرمان مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕەزبەر، پژمان ئەمانی، لاوی ۱۸ ساڵانی خەڵکی سەقز لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی ئەم هێرشەدا، سەرجەم مۆبایلەکانی ناوبراو و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکە لەوانە باوک، دایک و برای پژمانیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
لە هەمان ڕۆژدا، شاهین مستەفازادە، تەمەن ۳۷ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزی سەرکوتکەری ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕەوتی هەڵکوتانی ئەم هێزانە بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە.
هەروەها یووسف ڕەحیمی، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی ناسراو و بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی «هاژە»ی بانه، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەم شارەدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هاوکات زانیار مورادی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۳ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی دیواندەرە، لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هێشتا چارەنووسی نادیارە.
زانیار مورادی پێشتریش دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ۹۷ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.
ئازاد ڕەحمەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی بانه، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
کیانووش چراغی زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی دێهلۆڕان کە مێژووی دەسبەسەرکردن و سزادانی چەندین بارهی هەیە و لە دوایین دۆسییەیدا بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان سزا درابوو، لە مانگەکانی ڕابردوودا بۆ درێژەپێدانی زیندانەکەی بۆ زیندانی کرمان دوور خراوەتەوە.
ئێستا لە حالێکدا کە ماوەی سزاکەی تەواو بووە و دەبوایە ئازاد بکرایە، پێی ڕاگەیەندراوە کە بە ٥ ساڵ زیندانیی دیکەش سزا دراوە و ناوبراو لە ناڕەزایەتیی بەم سزایە، چەندین مانگ زیندانی بێ مەرەخەسی و دۆخی سەختی زیندان، لە چوار ڕۆژی ڕابردووەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.