بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە نوێترین هەوڵی ناوەندە بەناو ئەمنییتییەکان لە پارێزگای کرماشان بە مەبەستی سیخوڕی و چاوەدێریی توند بەسەر هاووڵاتییانەوە، لە هەزار و ١٤٣ ئاوایی ئەو پارێزگایەی کوردستاندا، هەزار و ٨٠٠ دووربین داناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە ڕێوڕەسمی دەسبەکاربوونی بەرپرسانی پۆلیسی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشاندا باس لە توندبوونەوە و چڕتربوونەوەی هەوڵە سیخوڕییەکان لە ئاوایی و شارەکانی پارێزگای کرماشاندا کراوە.
هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم لەو ڕێوڕەسمەدا بانگەشەی ئەوەیان کردووەکە "زانیاریی هەواڵگریی پۆلیس کوودەتای مانگی بەفرانباری ١٤٠٤یان پووچەڵ کردەوە".
هەروەها لەو ڕێوەسمەدا خەڵکی ناڕازی کرماشان و کوردستانیان بە "ئاژاوەگێڕ" ناو بردووە و بە ئاشکرا باسیان لە سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوە کردووە و باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە ناڕەزایەتییانە کردووەتەوە.
فەرماندەی پۆلیسی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە و چاوەدێریی بەسەر خەڵکەوە، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کامێرایان لە هەزار و ١٤٣ گوندی کرماشاندا داناوە.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار گوشارەکانی دژی گەلی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران پەرە پێداوە و لە دەیان ڕێگای جۆراجۆرە هەوڵی سیخوڕیکردنی خەڵک بەسەر یەکتر و لەداوخستنی شۆڕشگێران و کەسانی دژبەری ڕێژیمی تارانیان داوە و پارێزگاکانی کوردستانی کردووەتە زیندانێکی گەورە بۆ هاووڵاتییان.