کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥دا، ٤٧ کرێکار گیانیان لەدەست داوە

14:44 - 3 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان بۆ مانگی خەرمانانی ١٤٠٥، دۆخی کرێکاران و کێشە بژێوییەکانیان لە ئێراندا په‌ره‌ی سەندووە و ئامارێکی مەترسیدار تۆمار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٤٧ کرێکار بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا گیانیان لەدەست داوە و ١٧٢ کرێکاری تریش بریندار بوون.

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە ناسەقامگیریی پیشەیی و قەیرانی ئابووری، کێشەی گەورەی بۆ چینی کرێکار دروست کردووە؛ بە جۆرێک کە ٢٨٢ حاڵەتی بێکاری، ١٤٦٥ حاڵەتی ناڕوونیی پیشەیی، ٨٩ مانگ دواکەوتنی مووچە و ١٣٥ حاڵەتی پلۆمپکردنی شوێنی کار تۆمار کراون.

لە بەرانبەر ئەم قەیرانە سێنفیی و ئابوورییەدا، کرێکاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی پەنایان بردووەتە بەر کۆبوونەوە و مانگرتنی بەربڵاو.

لە ماوەی مانگی خەرماناندا، ١٤٦ کۆبوونەوەی پیشەیی و ٧ مانگرتنی کرێکاری بەڕێوە چوون.

سەرەڕای داواکارییە ڕەواکانی چینی کرێکاران، دەزگا ئەمنی و یاساییەکانی ڕێژیم نەک هەر وڵامی ئەم ناڕەزایەتییانەیان نەداوەتەوە، بەڵکوو  ٣ کەسیان دەسبەسەر کردووە، ٢ کەسی تریان بانگی دادگا کردووە و سزای زیندانیکردنی ٣٨ مانگ و ١٥ ڕۆژیان بە سەر کرێکارێکدا سەپاندووە، کە ئەمەش نیشاندەری بەرتەسککردنەوەی زیاتری مافە پیشەییەکان لە ئێرانە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕووداوەکانی شوێنی کار بەهۆی نەبونی پێداویستییەکانی ئیمەنی و کەمتەرخەمیی خاوەنکارەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، بووەتە هۆی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی هەزاران کرێکار لە ساڵدا، کە زۆربەیان لە کەرتەکانی وەک بیناسازی و کانگاکاندا ڕووبەڕووی مەترسیی مەرگ دەبنەوە.

شایانی باسە کە کرێکارانی ئێران لە کەرتی جیاجیادا وەک پیشەسازی، پەروەردە و شارەوانییەکان بەردەوام بەهۆی دواکەوتنی مووچە، گرانی و نەبوونی مەرجەکانی گرێبەستی کار ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پرۆسەیەکدا بە دەسبەسەرکردن، دەرکردنی سزای قورسی زیندان و پلۆمپکردنی شوێنەکان، هەوڵی کپکردنەوەی هەر دەنگێکی ناڕازی دەدەن.