کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر زیندانییەکی سیاسیدا؛ ٩ پارێزەریش بە زیندانیکردن سزا دران

14:48 - 3 رەزبەر 2726

دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر محەممەد نادری، زیندانیی سیاسی، بە تۆمەتی «سیخوڕی» سەپاند و محەممەد ئەحمەدیش لە دۆسییەیەکی جیاوازدا بە تۆمەتی هاوشێوە حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 هاوکات دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ڕەشت، سزای ١٩ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی بۆ ٩ پارێزەری دادگادا لە گیلان دەرکرد.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هێرانا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی نادری لەلایەن لقی ٢٣ی بەناو دادگای ئینقلابی تارانەوە نووسیویەتی کە ناوبراو هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بە شەڕەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی تارانی گەورە گواسترابووەوە.

هەروەها سزای ئەحمەدیش بە تۆمەتی «سیخوڕی» دەر کراوە و لە زیندانی تارانی گەورەدا سزاکەی پێی ڕاگەیەندراوە.

هێرانا نووسیویەتی لێکۆڵینەوەکان لەسەر وردەکارییەکانی دۆسییەکە، لەوانە بەڵگەنامە پشتپێبەستراوەکانی دادگای ڕێژیم و دۆخی دەستڕپێڕاگەیشتنی نادری و ئەحمەدیش بە پارێزەری هەڵبژێردراو، بەردەوامە.

لە مانگەکانی پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەسبەسەرکراوانی ئەم ناڕەزایەتییانە حوکمگەلێکی وەک لەسێدارەدان، زیندان، قامچی و دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی دەرکردووە.