کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: ترامپ پێشنیاری ئاگربەستی ٧ ڕۆژەی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە

09:27 - 4 رەزبەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشنیاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئاگربەستێکی ٧ ڕۆژە لە گەرووی هۆرمۆزی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە بەنیازە پاش هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی مانگی نۆڤامبر، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە.

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" لە زمان بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، تاران پێشنیاری کردبوو لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن واشنگتۆنەوە، گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە و دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێ بكاتەوە، بەڵام سەرۆککۆماری ئەمریکا ئامادە نەبووە ئەو پێشنیارە قەبووڵ بکات و جەختی لە بەردەوامیی گوشارە سەربازییەکان کردووەتەوە.

ئەم بڕیارەی ترامپ لەکاتێکدایە کە پێشتر مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "سی‌بی‌ئێس نیوز" ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریکا ئەم پێشنیارە نوێیە قەبووڵ بکات، هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم دەستبەجێ پێبەندی دەبن.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەم پێشنیارە درێژەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام‌ئابادە و ئامانجەکەی دابەشکردنی داواکارییەکان بۆ چەند قۆناغێک بووە تا ڕێگە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێککەوتن خۆش بکات.