مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیى ناتۆ بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، خەڵکی ئێران ڕۆژانە باجی ئەو تەنگژە ئابوورییانە دەدەنەوە، بەڵام بۆ ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەرژەوەندییەکانی خەڵکەکەی هیچ گرنگییەکی نییە.
مارک ڕوتە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بە هێرشەکانی، بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانی لاواز کردووە کە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپایە و ئێستا گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران قورستر کردووەتەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ بەپشتیوانی لە لێدوانەکانی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە گەورەترین ترسی دیکتاتۆرەکانی تاران لە خەڵکی ئازای ئێران خۆیەتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە خەڵکی ئێران لە دەست دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان وەزاڵە هاتوون و هەر بەم هۆیەوە ڕێژیم ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئازادانەی هاووڵاتییان بە ئینتێرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن دەکات.
ئەم لێدوانانەی سکرتێری گشتیی ناتۆ دوای وتارەکەی نێتانیاهوو لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هات، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو بەم زووانە ئیرادەی خەڵک بەسەر دەسەڵاتدارە زاڵمەکاندا سەردەکەوێت و بە ڕووخانی ئەم ڕێژیمە، خەڵکی ئێران ئازاد دەبێت.