کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە بۆ شەڕ لەگەڵ حوسییەکان هێز و کەرەستەی سەربازیی ڕەوانەی عەرەبستان کرد

10:17 - 4 رەزبەر 2726

لە درێژەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان عەرەبستان و حوسییەکان، هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر خەڵکی ئاسایی عەرەبستان و بەئامانجگرتنی پاڵاوگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە، ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە ڕایگەیاند، هێزی سەربازیی فەرانسە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئێمانوێل ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ٢ی فەرانسە وتی: "فەرانسە هێزی شەڕکەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و کەشتیی شەڕکەرەوە بۆ پاراستنی بەندەری یونەبەعی سعوودیە دەنێرێت".

ماکرۆن ڕوونی کردەوە، ئەو هێزە سەربازییانەی کە ڕێژەیەکی زۆر سەرباز و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەخۆ دەگرن، بە بەمەبەستی دڵنیابوون لە ئاسایشی ئەو ناوچە گرنگەی جیهان ڕەوانە دەکرێن.

سەرۆککۆماری فەرانسە جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی تێوەگلان لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات، بەڵکوو تەنیا بۆ پاراستنی ناوچەکەیە.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو، سعوودیە شەش مووشەکی بالستیکی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی بەرپەرچ دایەوە.

گرووپی چەکداری تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤وە دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی یەمەن لەوانەش سەنعای پێتەختی ئەو وڵاتەدا گرتووە و هەروەها هاوشێوەی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن سپای پاسدارانەوە، گەرووی بابۆلمەندەبی وەک کارتی گوشار لە دژی عەرەبستان و وزەی جیهانی بەکار هێناوە و لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە خەریکی باجوەرگرتن و تاڵانکردنە.