کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشڕەویی هێزەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە تەعز و کۆنتڕۆڵکردنی چەند بەرزاییەکی ستراتێژیی دیکە

11:37 - 4 رەزبەر 2726

هێزەکانی ئەرتەشی یاسایی دەوڵەتی یەمەن ڕایانگەیاند کە لە پارێزگای تەعز لە باشووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە پێشڕەوییەکی بەرچاویان کردووە و چەند ناوچە و بەرزاییەکی ستراتیژییان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و پاشەکشێیان بە حوسییەکان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلجەزیرە، یەکێک لەو بەرزاییانە چیای «جەبەل بازڵ»ە کە لەو چیایەوە هێڵەکانی دابینکردن و پێداویستیی حوسییەکان، بە ئاسانی دەکرێنە ئامانج.

ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕایگەیاند کە هێزەکانی یەمەن باڵادەستی و توانای هێرشبەری و بەرپەرچدانەوەی خۆیان بەدەست هێناوەتەوە و دەتوانن کۆنتڕۆڵی سەرانسەری ئەو وڵاتەکە بگرنەوە دەست.

عەلیمی هۆشداریی دا کە تا ئەو کاتەی حوسییەکان بتوانن دەستیان بە چەک ڕابگات، مەترسیی سەرهەڵدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر هەر لەئارادایە.

شایانی باسە شاری تەعز و ناوچەکانی دەوروبەری لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە گەرمترین بەرەکانی شەڕی نێوخۆی یەمەن بوون.

ئەم پارێزگایە بەهۆی پێگەی جوغرافیایی هەستیاری لەنێوان ناوچە ژێردەسەڵاتی حوسییەکان و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی یاسایی نێودەوڵەتیدا، گرنگییەکی ستراتێژیی زۆری هەیە.

کۆنتڕۆڵکردنی بەرزاییەکان چیای «جەبەل بازڵ» دەتوانێت هاوسەنگیی مەیدانی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، چونکە هێڵەکانی دابینکردنی سەربازی و گواستنەوەی چەک بۆ حوسییەکان دەخاتە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی سەربازییەوە.

 ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ جەختکردنەوەی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی یەمەن لەسەر بەهێزکردنەوەی توانای سەربازیی بەهێزتر و یەکجارەیی کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکی یەمەن.