مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی ئەھلی سوننەی زاهێدان، لە بەرەبەری چوارەمین ساڵیادی "هەینیی خوێناویی زاهێدان"دا ڕایگەیاند ئەم ڕووداوە لەبیر ناکرێت. ناوبراو لە وتارەکانی نوێژی هەینی، کارەساتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی بە ڕووداوێکی زۆر بەسام و دڵتەزێن وەسف کرد و یادی گیانلەدەستداوان و بریندارانی ئەو ڕووداوەی بەرز ڕاگرت.
٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی دوای شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی"، زاهێدان بووە شایەتی یەکێک لە مەرگهێنەرترین سەرکوتکارییەکانی ئەو ساڵە لە ئێراندا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لانیکەم ۱۰٨ کەس لەو ڕووداوەدا کوژران و نزیکەی ۳۰۰ کەسیش بریندار بوون.
مەولەوی عەبدولحەمید هەروەها لەسەر بارودۆخی ئەمنییەتیی سیستان و بەلووچستان هۆشداریی دا و ڕایگەیاند پێکدادانەکانی ئەم دواییە دەتوانێت مەترسیی پەرەسەندنی نائارامی لەو پارێزگایەدا زیاتر بکات.
ناوبراو جەختی لەسەر بەدواداچوونی داواکارییەکانی خەڵک لە ڕێگەی مەدەنییەوە کردەوە و داوای کرد ڕێگری لە زیادبوونی توندوتیژی و نائارامی بکرێت.