بەهۆی دابڕینی خەوتنگەی قوتابخانەیەکی شەوانەڕۆژی لە شاری "زەڕینە"ی سەر بە دیواندەرە و تەرخانکردنی بۆ هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم، قوتابییانی گوندەکانی دەوروبەر لە جێگەی حەوانەوە بێبەش کراون و پرۆسەی خوێندنیان تووشی ئاستەنگی جیددی بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، خەوتنگەی دواناوەندیی شەوانەڕۆژیی کوڕانەی "موتەهەری" لە شاری زەڕینە، لە دوای دەستپێکی گرژییە سەربازییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و کراوەتە بارەگای نیشتەجێبوونی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم.
ئەم کارە بووەتە هۆی ئەوەی قوتابییانی گوندە دووردەستەکان نەتوانن خەوتنگەکە بەکار بهێنن و ناچار بن ڕۆژانە ڕێگەیەکی سەخت و درێژ ببڕن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هێرانای ڕاگەیاند، کێشەی هاتوچۆی ڕۆژانە و نەمانی شوێنی حەوانەوە وای کردووە هەندێک لە قوتابییان بەتەواوی دەست لە خوێندن هەڵگرن.
کەڵکوەرگرتنی سەربازی لە خەوتنگە و بنکە پەروەردەیییەکان جگە لە بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە جەخت لە پاراستنی کەشی مەدەنیی ناوەندەکانی فێرکاری لە ململانێ چەکدارییەکاندا دەکەنەوە.