کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەغەدە؛ نادیاریی چارەنووسی سەردار ڕامین، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد

09:11 - 5 رەزبەر 2726

دوای تێپەڕبوونی یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکرانی سەردار ڕامین، لاوی ۳۰ ساڵی کورد و خەڵکی نەغەدە و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەردار ڕامین، تەمەن ۳۰ ساڵ، خێزاندار، خەڵکی ئاوایی «قارنێ»ی سەر بە شاری نەغەدە و دانیشتووی شنۆ، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری نەغەدە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

سەردار ڕامین پێشتریش لە ۱۰ی خەرمانی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕاندنی ۶۹ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بە تێپەڕبوونی یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکرانی، ناوەندە بەناو ئەمنییەتی و دادوەرییەکانەوە لە پێدانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان خۆیان بواردووە.

 ناوبراو لەم ماوەیەدا تەنانەت لە مافی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.