کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ترامپ پێی خستووەتە سەر گەرووی ئابووریی کۆماری ئیسلامی

10:01 - 5 رەزبەر 2726

مایک واڵتز، باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی فاکس نیوز، بە ئاماژەدان بەوەی کە سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی "تێرۆریستی" کۆنتڕۆڵی ڕێژیمی ئێران و بەشێکی زۆری ئابوورییەکەی بەدەستەوەیە، ڕایگەیاند: "ترامپ پێی خستووەتە سەر گەرووی ئابووریی کۆماری ئیسلامی."

واڵتز ڕایگەیاند: "بەهای دراوی ئێران لە لێواری داڕماندایە، پاشەکەوتی دراوی بیانی لەنێو چووە، هەڵاوسان بە توندی ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و من ئەو کارانەی کە لە پشت پەردەدا لەگەڵ سکات بێسێنت، وه‌زیری خەزێنەداریی ئەمریکا و "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیریی ئابووری" لە ئارادایە، بە کەم نانرخێنم."

واڵتز بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەر کە یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکادا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکانی دەستپێکرد، وتی: "جێگەی سەرنجە کە ١٤٦ وڵات، کە ژمارەیەکی پێوانەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێکدەهێنێت، ئێرانیان بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان مەحکووم کرد."

ناوبراو ئەو هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێڵەکانی دروستکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی و وتی کە جیهان لەبەر ئەم هۆکارە پەیوەندی بە ئەمریکاوە کردووە بۆ  مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی ئابووریی توندی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم ڕێکارە نوێیانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆککۆمار دوناڵد ترامپ دەستیان پێکردووە و ئامانجی سەرەکییان بڕینی تەواوی شادەمارە ئابوورییەکانی تاران، گۆشەگیرکردنی ڕێژیم و ناچارکردنی وڵاتانی جیهانە لە نێوان هەڵبژاردنی مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئێران یان دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا.