وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە مەدەنی و ئابوورییەکان؛ هاوکات بەحرەین ئاشکرای کرد وڵاتانی کەنداو ڕووبەڕووی نزیکەی ٧ هەزار هێرشی ڕێژیمی ئێران بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "میدڵ ئێست ئای"، فەیسەڵ بن فەرحان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڕەشەکانی حووسییەکان مەحکووم بکەن و هۆشداریی دا داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان مەترسییە بۆ سەر ئەمنییەتی وزەی جیهان.
عەبدولـلەتیف بن ڕاشد ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند ئێران لە ڕێگەی هەزار و ٧٠٠ مووشەکی بالستیک، ٨٠ مووشەکی کرووز و ٥ هەزار و ٢٢٠ دڕۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی مەدەنی وڵاتانی عەرەبی.
ناوبراو ئاشکراشی کرد ٧٢ کەشتیی بازرگانی کراونەتە ئامانج و ٢٢ دەریاوان کوژراون. ئەلزەیانی بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆزی وەک "ئامرازی گوشاری ئابووری" بە ڕەوتێکی مەترسیدار ناو برد.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی لە ٩ی ڕەشەمەوە و هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد. شوڕای ئەمنییەت و شوڕای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو لە بڕیارنامەی جیاوازدا داوای ڕاگرتنی بەپەلەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و حووسییەکانی سەر بە تارانیان کردووە.