کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتیی لاوانی عەرەبی ئەهوازیان بە ئاگر و ئاسن وڵام دایەوە

10:34 - 10 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کاروون"، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆ وڵامی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لاوانی عەرەبی ئەهوازیان لەمەڕ بێکاری و هەژاری داوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لاوانی شاری ئەهواز بەرانبەر بە سیاسەتی نادادپەروەرانەی دامەزراندن لەسەر ڕێگای «شیرکەتی کشتوکاڵی و پیشەسازیی قامیشی دەعبەل خەزاعی»، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی و سەرەڕای سەرکوتکردن و لێدانی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ هەوڵی بڵاوپێکردنی ناڕازییانیان داوە.

لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە ڕێکخراوی کاروون بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە بەشداربووانی ئەو ناڕەزایەتییە ڕایگەیاندووە کە: «ئەم لاوانە هەموویان برسین، هیچ کەسێک کارمان پێ نادات، بایەخمان پێ نادرێت. ئەوان بە چەکی کڵاشینکۆف کەوتنە دوای ناڕازییان. ئێمە کارمان دەوێت، هەژار و برسین. ئێمە هیچ پوولێکمان لە گیرفاندا نییە، ئێمە مافی خۆمان دەوێت".

شایانی باسە هەتا بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە لەمەڕ زیانە گیانییەکانی ئەو ڕووداوە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پێشتریش ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دابوو کە یەکە گەورە پیشەسازییەکانی وەک پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبا، و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی خۆراکیی پارێزگاکانی خووزستان و بووشێهر دوای شەڕی ١٢ و ٤٠ ڕۆژە  زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی ئابووریی ڕێژیم، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس کارەکانیان لەدەست داوە، بەڵام ئامارێکی ورد سەبارەت بە بێکارییەکان دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕێژەی بێکاری لەنێو نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و نەتەوەکانی دیکە چەند قاتی پارێزگا ناوەندییەکانی ئێرانە و چەندین دەیەیە، سیاسەتی برسیکردن، هەژاری و بێکاری بەشێوەی سیستماتیک دژی نەوەتە بندەستەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پەیڕەو دەکرێت و هەر ناڕەزایەتییەک لەو پێوەندییەدا بە ئاگر و ئاسن وڵام دەدرێتەوە.