کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران ئەرکی سەرەکیی ئیسرائیلە

09:15 - 13 خەرمانان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامانج و ئەرکی سەرەکیی ئیسرائیلە و جەختی کردەوە دەسەڵاتدارانی تاران دوای مانگەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە، لە هەموو کاتێک لاوازتر و ئاسانتر دەکرێنە ئامانج.

لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای بەرگری و سەربازیی ئیسرائیل لە تێلئاڤیڤ، بێنیامین نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێوبردنی دەسەڵاتی ئێران ئەرکی سەرەکی ئیسرائیلە و ئەم ئامانجەش لە جێبەجێکردن نزیک بووەتەوە.

نێتانیاهوو وتی: "من بڕوای تەواوم بە تواناکانمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم مەترسییە بۆ هەمیشە، کە ئەویش ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە سەرکردایەتیی ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە و تەنیا بۆ مانەوەی خۆی تێدەکۆشێت.

ناوبراو هۆشداریی دایە تاران و وتی: "خۆتان لەگەڵ ئێمە تێوەمەگلێنن؛ ئێمە خاوەنی هێز، ئیرادە و یەکیەتیی نێوخۆیین بۆ شکستدانتان."