کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی فرۆشتنی سێوی ورمێ؛ کەمتەرخەمیی ڕێژیم ڕەنجی یەک ساڵەی باخداران بەبا دەدات

13:50 - 5 رەزبەر 2726

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی وەرز ڕنینی سێو لە پارێزگای ورمێ، بەهۆی بێپلانی، بەربەستە ئیدارییەکان و کەمتەرخەمیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، بازاڕە جیهانییەکانی هەناردەکردنی ئەم بەروبوومە لەدەست چوون و باخدارانی ناوچەکەش لە بەردەم مەترسیی داڕمانی ئابووریدان.

پارێزگای ورمێ بە بەرهەمهێنانی ساڵانەی زیاتر لە ١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن، بەشدارە لە دابینکردنی ٣٠٪ی سێوی تەواوی ئێران.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەرهەمهێنانی ئەمساڵ ٢٠ تا ٣٠٪ زیادی کردووە، بەڵام بێسەروبەرەیی لە سیستمە بانکی و گومرگییەکانی ڕێژیم بووەتە هۆی لەدەستدانی بازاڕی سەرەکیی هەناردەکردن لە وڵاتی هیند.

خالید جەنگجوو، سەرپەرستیاری گومرگەکانی ناوچەکە دانی پێدا نا لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گرانبوونی تێچووی گواستنەوەی دەریایی، تەنیا ٢١ هزار تۆن سێو هەناردە کراوە و بازاڕی هیند بەتەواوی لەدەست چووە.

هەروەها جەعفەر نیکزاد، سەرۆکی یەکیەتیی هەناردەکارانی بەروبوومی کشتوکاڵی ئاشکرای کرد ناکارامەیی و نەبوونی هاواهەنگی لە نێوان بانکی ناوەندی، گومرگ، وەزارەتی جیهادی کشاوەرزی و وەزارەتی سەنعەت، کانزا و هەرەوەرزی (تعاون)، هەناردەکارانی تووشی کێشەی جیددی کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سیستمە ئانلاینەکان بەردەوام تووشی بڕان دەبن و بڕیارە دراوییە ناڕاستەقینەکانی بانکی ناوەندی لەجیاتی پشتیوانی، بوونەتە ئاستەنگی سەرەکی لە ڕێگەی هەناردەکردندا.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز، باخدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی سیاسەتی پشتگیری، ڕێژەی بەرزی باج، پەککەوتوویی کەرتی گواستنەوە و نەبوونی بازاڕی شیاو، مەترسیی فەوتانی دەستڕەنجی ساڵێکیان لەسەرە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا بە بەڵێنی پووچ و داواکردن لە باخداران بۆ فرۆشتنی قۆناغ‌بە‌قۆناغ، خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی ڕێکخستنی بازاڕ دەدزنەوە.