ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرای دەکەن کە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی خەرماناندا گەیشتووەتە ٦٨.٤٪؛ ئەمەش بەرزترین ئاستی گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە لە ئێراندا لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی، هەڵاوسانی ساڵانەی کاڵا گەیشتووەتە ٩٧.٣٪ و بەشی خزمەتگوزارییەکانیش ٤١.٦٪ی تۆمار کردووە.
ئەم ڕێکۆردە لەکاتێکدایە کە بەرزترین ئاستی هەڵاوسان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا لە ساڵی ۱۳۲۲ی هەتاوی (زیاتر لە ١٠٠٪) بووە و لە تەواوی تەمەنی کۆماری ئیسلامیشدا گەورەترین ڕێژەیە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، ئێران لە دوای ڤێنێزوئێلا و سودان، بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی لەسەر ئاستی جیهان هەیە.
هاوکات، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە ٨٣.٨٪ کە تێیدا گرانبوونی کاڵا بەتەنیا ١١٨٪ی تێپەڕاندووە.
ڕووژنامەی "دونیای ئیقتساد" لە زاری شارەزایانەوە هۆشداریی داوە کە ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە ۹۹ لەسەد.
شارەزایانی ئابووری هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕێکۆردشکێنییەی هەڵاوسان بۆ درێژەدان بە گۆشەگیربوونی زیاتری کۆماری ئیسلامیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگەڕێننەوە.
خستنەپاڵی سزای نوێ لەسەر شادەمارە بانکی و گواستنەوە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئێران، پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیستمی بانکیی جیهانی و بێهیوایی لە ڕێککەوتنی سیاسی، هۆکاری سەرەکیی داڕمانی بەهای ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی نرخەکانن.