سەرۆککۆماری فینلاند هێڵە سورەکانی ڕۆژاوای بەرانبەر ڕێژیمی ئێران دووپات کردەوە و ڕایگەیاند تاران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دروستکردنی مووشەک، بەکارهێنانی گرووپە نیابەتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز.
ئەلێکساندەر ستۆب لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "فاکس نیوز"ی وت، هاوڕایە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی واشنگتۆن کە ڕێگری لە ئێران دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، گەشەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و تێکدانی ئەمنییەتی دەریاوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵوێستی هاوبەشی ئەمریکا و چین و هۆشدارییەکەی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بریتانیا، کە جەختیان لەوە کردووەتەوە ڕێگەدان بە تاران بۆ دەستپێڕگەیشتنی ئەتۆمی، دەبێتە هۆی دەستپێکردنی کێبڕکێیەکی مەترسیداری پڕچەککردنی ئەتۆمی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆککۆماری فینلاند ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و موسکۆ کرد و وتی: "شەڕی ڕووسیە لە ئۆکراین و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران بەیەکەوە بەستراونەتەوە؛ ڕووسیە زانیاریی هەواڵگری دەداتە ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو، لە بەرانبەریشدا ئێران مووشەک دەداتە ڕووسیە بۆ بۆردومانکردنی ئۆکراین."
کۆدەنگیی نێودەوڵەتی لەسەر گۆشەگیرکردنی تاران بەرەو بەهێزبوون دەچێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی چین ڕێککەوتنی هاوبەشی ترامپ و شی جینپینگیان سەبارەت بە ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنە ئەتۆمی و دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی پشتڕاست کردەوە.