کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤانس: ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هۆرمۆزی لەدەست داوە

09:21 - 13 خەرمانان 2726

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند تواناکانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبنەوە و کۆنترۆڵی تاران بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا بەکردەوە لەنێو چووە، بەوەش کارتەکانی گوشاری ئەو وڵاتە لەدەست چوونە.

ڤانس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخی بەنزین، تەقەکردنی ئێرانە لە کەشتییە بازرگانییەکان.

ناوبراو وتی: "بەپێچەوانەی هێرشە بەردەوامەکان، هاتوچۆی دەریاوانی لەسەرپێیە و ڕۆژی چوارشەممە نێزیکەی ١٥ میلیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕیوە؛ ئەمەش دەسەلمێنێت هەژموونی تاران بەسەر ئەم ڕێڕەوە ستراتێژییەدا لەنێو چووە."

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کۆشکی سپی بژارەی جۆراوجۆری سەربازی، ئابووری، دیپلۆماسی و نهێنیی لەبەر دەستدایە بۆ زیاترکردنی گوشارەکان.

ڤانس باسی لەوەش کرد دۆناڵد ترامپ بڕیاری داوە تا ئەو کاتەی تاران دەست لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان هەڵنەگرێت، هیچ گفتوگۆیەکی دیپلۆماسی لەگەڵدا نەکەن.

لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی ئێران کرد و وتی: "ئامۆژگاریی من بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە دەست لەم یاخیگەرییە هەڵبگرن و تەقە لە کەشتییەکان نەکەن."