ئامارەکانی کۆمپانیای شیکاریی "کێپلێر" ئاشکرای دەکەن کە هەناردەی نەوتی خاوی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە مانگی سێپتامبردا بۆ ١٢.٨ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، بووژانەوەی هەناردەی نەوت بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی بارە نەوتییەکانی عەرەبستان و ئێمارات لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە بووە.
خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی کێپلێر نیشانی دەدەن کە هەناردەی نەوت لەم ڕێڕەوە دەریاییە ستراتێژییەوە لەم مانگەدا دەگاتە نزیکەی ٧.٤ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
عەرەبستان دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر هێڵی لوولەی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوای و زیانی بەرکەوت، بارە نەوتییەکانی بەرەو بەندەری "ڕەئس تەنورە" لە کەنداو ئاراستە کردەوە؛ بەوەش هەناردەی نەوتی عەرەبستان لەم مانگەدا زیاتر لە دوو بەرابەر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٥.٤ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە حەفتەی ڕابردوودا ١٩ نەوتهەڵگری گەورە توانیویانە بە کۆی ٣٨ میلیۆن بەرمیل نەوتەوە لە گەرووی هۆرمۆز دەرباز ببن.
سەرەڕای ئەم گەشەسەندنه، کۆی هەناردەی نەوتی وڵاتانی ناوچەکە بەراورد بە مانگی ڕەشەمەی ڕابردوو (پێش دەستپێکردنی شەڕ) هەڵگری جیاوازییەکی ٦ میلیۆن بەرمیلییە کە تێیدا ئاستی هەناردەکردن ١٨.٨ میلیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا.
گەرووی هۆرمۆز شادەماری گواستنەوەی نزیکەی ٢٠٪ی نەوت و گازی شلی جیهانە و پێش ئاڵۆزییەکان ڕۆژانە زیاتر لە ١٢٥ کەشتیی گەورەی بازرگانی پێیدا تێپەڕ دەبوون.