پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ڕووداوێکی ئەمنی لە نزیک بنکەی هێزی ئاسمانی شاهانەی فێرفۆرد لە پارێزگای گڵاسترشر دەست پێکردووە. میدیاکانی بریتانیا ڕایانگەیاند کە پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەگەری پیلانگێڕیی ئێران لەو کردەوە تێرۆریستییەدایە.
هێزەکانی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەزبەر، لە ڕەوتی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا سەرەتا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای ماددە تەقینەوەکان و پاشان بە تۆمەتی ئامادەکاریکردن بۆ کاری تێرۆریستی، پێنج کەسی سەر بە کۆماری ئیسلامییان دەسبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی «فایننشاڵ تایمز»، پۆلیس دەوروبەری نیوەشەوی یەکشەممە ڕاپۆرتێکی پێگەیشت سەبارەت بە جووڵەی سێ ئۆتۆمبێلی گوماناوی بەرەو بنکەی فێرفۆرد. دوای گەشتی هێزەەکانی دژەتێرۆر، پێنج کەسیان لە ناوچەی فێرفۆرد، لە نزیک ئەم بنکەیە، دەسبەسەر کرد. تاوانباران هێشتا لە لێکۆڵینەوەی قۆناغی سەرەتاییدان.
ئەو هەوڵە تێرۆریستییە لەکاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە دیدارێکیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هۆشداریی دابوو کە لەندەن هەر چەشنە ترساندن، هەڕەشە یان چالاکییەکی دوژمنکارانەی گرووپە پەیوەندیدارەکان بە کۆماری ئیسلامی لە خاکی بریتانیادا قەبووڵ ناکات.
وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکدا، ڕایگەیاند کە هەڕەشە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە تەوەرەکانی گفتوگۆی لەگەڵ عێراقچی بووە.
بەرپرسانی ئەمنیی بریتانیا ڕایانگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥، لانیکەم ٢٠ پیلانی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران بۆ کوشتنی هاووڵاتییان یان دانیشتووانی بریتانیایان پووچەڵ کردووەتەوە.