زیاتر لە سێ حەفتەیە جەبار ئازەرهۆمایوون خەڵکی سنە و فواد قادری پەرستاری خەڵکی جوانڕۆ دوای چەندین ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ۵ی ڕەزبەر، کوردپا ڕایگەیاند: دوای تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «فواد قادری»، پەرستاری لاوی خەڵکی جوانڕۆ کە لە سنە کار دەکات، ناوبراو دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە یەکێک لە گرتنگە نەناسراوەکاندا، بە شکانی چەند پەراسوویەوە ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان کراوە و لە مافی هەر جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ دوای دەسبەسەرکردنی ئەم پەرستارە لاوە، هێزە ئەمنییەکان بێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی «فواد قادری» و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە کۆمپیوتەرەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جەبار ئازەرهۆمایوون، خەڵکی سنە لەم دواییانەدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە سنە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە گواسترایەوە.
شایانی باسە ئەم دوو هاووڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە گرتنگەی ئەمنییەکانی ڕێژیمدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و چارەسەریی پزشکی بێبەش کراون.