کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێسێنت: یەکیەتیی ئورووپا پەیوەستی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی ئێران بوو

09:27 - 13 خەرمانان 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاند یەکیەتیی ئورووپا بە فەرمی پەیوەستی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی واشنگتۆن بووە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هەڵمەتێک کە ئامانجی بڕینی تەواوەتیی تۆڕ و سەرچاوە داراییەکانی تارانە لە سەرانسەری جیهاندا.

وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی پێشوەختە و بڕیاردەرانەی یەکیەتیی ئورووپا دەربڕی و جەختی کردەوە واشنگتۆن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا سوورە لەسەر ڕێگریکردن لە ئێران لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی جیهانی بۆ دابینکردنی تێچووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، چەکدارکردنی هێزەکان و گرووپە نیابەتییەکانی.

بێسێنت هۆشداریی دا و وتی: "پەیامی جیهان بۆ ڕێژیمی ئێران ڕوونە؛ تا دوایین شادەماری دارایی نەپچڕێنین، ناوەستین."

بەشداربوونی یەکیتیی ئورووپا لەم هەڵمەتەدا لە کاتێکدایە کە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیادیان کردووە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری سێ بەرپرسى باڵای ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە کە سنوورداربوونی هەناردەی نەوت و ئەستەمبوونی دەستگەیشتنی تاران بە سیستەمی دارایی جیهانی، توانای کۆماری ئیسلامیی بۆ دابینکردنی دراوی بیانی و دەورلێدانی گەمارۆکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە فراوانەی کۆشکی سپی کە ئامانجی ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت، لەکارخستنی بانکە سێبەرەکان و دەسبەسەرداگرتنی تۆڕەکانی گواستنەوەی دراوە، گوشارێکی بێ‌وێنەی خستووەتە سەر ئابووریی ئێران؛ بە جۆرێک بەپێی ڕاپۆرتەکان هەناردەی نەوتی ڕۆژانەی ئەو وڵاتە لە ١.٧ میلیۆن بەرمیلەوە بۆ ٢٦٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە و ڕێژەی هەڵاوسانیش گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠ لەسەد.

واشنگتۆن ئاماژە بەوە دەکات تاران لە نێوان دوو ڕێگەدا ماوەتەوە: گۆشەگیریی زیاتری ئابووری، یان پاشەکشە و گەڕانەوە بۆ سەر میزی گفتوگۆکان.