کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و دەرکردن و بەندکردنی مامۆستایان و خوێندکاران لە زانکۆکان

11:12 - 6 رەزبەر 2726

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوەندەکانی خوێندنی باڵا توندتر بوونەتەوە؛ ڕێژیم سەرەڕای بەندکردن و دەرکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی سەربەخۆ، ڕێنمایی نوێی بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە زانکۆکاندا دەرکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، دادگای ئینقلابی ڕێژیم، عەلی عەلیڕەزایی، خوێندکاری زانکۆی سەنعەتی شەریفی بە ٤ ساڵ بەندکردن سزا داوە.

هاوکات لەلایەن وەزارەتی زانستیی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان و کۆمیتەی ئینزیباتی زانکۆوە، سزای دەرکردن و ٥ ساڵ بێبەشکردن لە خوێندنی بەسەردا سەپێنراوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا، حەمید ڕەحمانی مێنشادی، پارێزەر و مامۆستای یاسا لە زانکۆی یەزد، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەردەی لەسەر گەندەڵی و سەرپێچیی چەند دادوەرێک لادابوو، بەبێ بڕیاری دادگا دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی ناڕوون و گرتنگەی دەزگا ئەمنییەتییەکان.

سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و دەسبەسەرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و خوێندکاران بە تۆمەتی "دژایەتیی ئەمنییەتیی میللی"، بنەمای سەرەکیی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامییە بەرانبەر بزووتنەوەی خوێندکاری.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی زانست لەژێر ناوی "ڕێنمایی ڕازاوەیی، ڕەوشت و ڕەفتاری زانکۆیی"، ڕێسای نوێی بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر سەرجەم زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا سەپاندووە.

بەپێی ئەو ڕینماییە، سەرجەم خوێندکارانی کوڕ و کچ لە سەرانسەری زانکۆکانی ئێران دەبێت حیجابی دڵخوازی ڕێژیم ڕەچاو و جێبەجێ بکەن.

هێرانا ڕایگەیاند کە زانکۆکان ڕاسپێردراون لە کاتی ناو تۆمارکردندا نێوەڕۆکی ڕێنماییەکان بە خوێندکاران ڕابگەیەنن و لە هەموو بەش و شوێنە گشتییەکانی زانکۆدا بڕیاری سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ جێبەجێی بکەن.