هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی بژێوی و زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی پیشەیی لە ئێران، شەپۆلی دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
چالاکانی سێنفی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان، سەبارەت بە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم ڕەوتە بۆ سیستەمی پەروەردە، هۆشدارییان دا.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە مامۆستایان لە سەرانسەری ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند؛ هەنگاوێک کە کاردانەوەی بەرفراوانی لە بۆچوونی گشتیدا لێکەوتووەتەوە.
ئەنجومەنی هاواهەنگیی دامەزراوەی پیشەیی فەرهەنگییانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەر، لە بەیاننامەیەکدا، لەژێر ناوی «دەرکردنی زۆرەملێی مامۆستایانی دڵسۆز لە ناڕەزایەتی بە پشتگوێخستنی پەروەردە و پێکهاتە سەرکوتکەرەکە» کاردانەوەی توندی نیشان دا.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە مامۆستایان «ئێستا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بارودۆخی نەگونجاو، پشتگوێخستنی سیستماتیکی دەسەڵات لەسەر دامەزراوەی پەروەردە، بژێویی ژیان و گوشاری قورسی ئابووری، هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە دەستلەکارکێشانەوە و بەجێهێشتنی ئەو پۆلانەی کە گیانیان پێوەی گرێ دراوە».
ئەم ناوەندە پیشەییە بە ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە قەیرانەکانی ئێران دەخەنە پاڵ «هاندانی دوژمن»، جەختی کردەوە کە دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایانی دڵسۆز دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتانەیە کە سیستەمی پەروەردەیی تووشی قەیرانێکی قووڵ کردووە.
ئەو ئەنجومەنە لە بەیاننامەکەیدا مووچەی ژێر هێڵی هەژاری، جیاکاریی پەروەردەی، برۆکراسیی ئیداری، هەڵسوکەوتی ئەمنی و دەرکردن، هەڵپەساردن و دەسبەسەرکردنی چالاکانی پیشەیی وەک هۆکاری سەرەکیی نائارامیی مامۆستایان ناو برد.
ئەم ناوەندە وێڕای دەربڕینی پشتگیریی تەواوی خۆی لە داواکارییەکانی مامۆستایان، سەبارەت بە «دەرئەنجامە قەرەبوونەکراوەکانی ئەم داڕمانە پەروەردەییە» هۆشداریی توندی دا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرسی ناڕەزایەتی کۆکراوەی فەرهەنگییان زانی.
شایانی باسە مامۆستایان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەرانبەر بە پشتگوێخستنی داواکارییە پیشەییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
شارەزایانی پەروەردەیی جەختیان کردەوە کە دۆسییەسازی بۆ مامۆستایان، کەمیی هێزی پەروەردەیی و کارکردنی چەندین شیفتەی فەرهەنگییان، کوالێتی پەروەردەی خستووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.