کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نهێنیی نێتانیاهوو بۆ ئێمارات؛ تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران

14:17 - 6 رەزبەر 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکی نهێنیدا گەیشتە ئێمارات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆ بووەوە؛ تەوەری سەرەکیی دانوستانەکانیان تاوتوێکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هۆشدارییەکان لەسەر گەڕانەوەی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ۱۳ی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە بەرپرسانی باڵا، بێنیامین نێتانیاهوو بە فڕۆکەیەکی تایبەت سەردانی ئێماراتی کردووە و لەگەڵ "شێخ محەممەد بن زاید ئالی نەهیان" سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەتەوە.

ئەم سەردانە چەند سەعاتییە دوای چەندین پەیوەندیی تلفۆنی و لەکاتێکدا ئەنجام دراوە کە ئاماژەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە.

لە کاردانەوەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم بەتەواوی بۆ وڵامدانەوەی هەر دەستڕێژییەک ئامادەیە "تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شەڕێکی ئاخر زەمانیش."

لەلایەکی دیکەوە، ئێمارات لە دوای ئاڵۆزییەکانەوە پەیوەندییە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا تۆکمەتر کردووەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "گومبەزی ئاسنین"ی ئیسرائیلی لە خاکی ئێماراتدا جێگیر کراوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێمارات لە ساڵی ۲۰۲۰ لە چوارچێوەی "ڕێککەوتنامەی ئیبراهیم"دا ئاسایی بوونەوە.

ئێمارات ئەم پەیوەندییانە وەک کاناڵێکی ستراتێژی بۆ کارتێکەری لەسەر بڕیارەکانی واشنگتۆن و پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی خۆی لە بەرانبەر ئاژاوەگێڕییە ناوچەییەکانی تاراندا بەکار دەهێنێت.