کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مای ساتۆ: دەبێت سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا بەتەواوەتی هەڵبوەشێنرێتەوە

09:31 - 7 رەزبەر 2726

ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای دیاریکردنی مۆڵەتێکی یاسایی بەپەلەی بۆ ڕاگرتنی سەرجەم سزاکانی لەسێدارەدان تا کاتی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەم سزایە لەو ئێراندا کرد.

مای ساتۆ لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونیدا ئاماژەی بەوە کرد، دووبارەبوونەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران نیشانەی ئاشکرای نەبوونی دادپەروەرییە.

ناوبراو ڕایگەیاند لە ۷ تا ١٨ی ڕەزبەر (ڕۆژی جیهانیی دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان)، بەڵگە و زانیاری لەسەر ئەو دۆسییانە بڵاو دەکاتەوە کە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا باسی کردوون.

ساتۆ جەختی کردەوە، زۆربەی حوکمەکان بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەرچوون؛ بە تایبەت بۆ دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان، تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان و سزادراوانی قیساس.

پێشتریش ڤوڵکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جەختیان لەسەر زیادبوونی ڕێژەی سزای لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی کردبووەوە و داوای ڕاگرتنی بەپەلەیان کردبوو.

کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان و دەسبەسەرکردنە نایاساییەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سیاسییەکان بەکار دەهێنێت؛ سیاسەتێک کە هەردەم لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە مەحکووم کراوە.