لە درێژەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاجیاکان لە ئێران، خوێندکارانی زانکۆی عەللامە تەباتەبایی لە ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەر، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دروشمیان دژی کوشتارە حکوومەتییەکان، حیجابی زۆرەملێ و قەیرانی ئابووری وتەوە.
ئەم خوێندکارانە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە بەرزکردنەوەی کرێی خوێندنی خوێندکارانی شەوانە، دۆخی خۆراکی بەشە ناوخۆییەکان و خزمەتگوزارییەکانی چێشتخانە و حیجابی زۆرەملێ، لە پەردیسی سەرەکیی ئەم زانکۆیەدا کۆ بوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتا بە دروشمەکانی «بە پلەی بەرز، لە خەوتنگەی سست و بێ بناغە»، «زانکۆی پارەیی، نامانەوێ، نامانەوێ»، «گرانبوون، هەڵاوسان، کارەساتی سەر گیانی خەڵک» و «بێگاری، بێکاری، حیجابی ژن زۆرەملێ» دەستی پێکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئەمیرکەبیر"، هێزەکانی بەسیج بە ناوی "گفتوگۆ"وە، هەوڵیان داوە کۆبوونەوەکە تێکبدەن، لە بەرانبەردا، خوێندکاران دروشمی «گفتوگۆی ناو گۆنی، نامانەوێ، نامانەوێ»یان وتەوە.
بەپێی ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، «تا مەلا کفن نەکرێ، ئەم وڵاتە نابێتە وڵات» و «مەرگ بۆ ستەمکاری؛ حیجاب و گەشتی ئێرشاد» لە دروشمەکانی تری خوێندکارانی ناڕازی بوون.
شایانی باسە زانکۆی عەللامە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباریشدا یەکێک بوو لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران.
بزووتنەوە خوێندکارییەکانی ئێران دژی ستەم، هەڵاواردن، نادادپەروەری و حیجابی زۆرەملێ و گرانبوونی تێچووی خوێندن ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەسێنێت.