دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەر، ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی سەبارەت بە پێشنیاری واشنگتۆن بۆ کۆماری ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزاکان و ئازادکردنی دارایی و سامانی بلۆککراوی ئێران لە بەرانبەر ئاراستەکردنی ئیمتیازی ئەتۆمیدا، ڕەت کردەوە.
ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: «ئاکسیۆس بە بڵاوکردووەی ڕاپۆرتێک باسی لەوە کردووە کە ترامپ کەمکردنەوەی سزاکان و دارایی و سامانی بلۆککراوی پێشکەشی ئێران کردووە. ئەم بابەتە ڕاست نییە. من هیچ شتێکم لەو پێوەندییەدا پێشکەش نەکردووە».
ناوبراو ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆسی بە «درۆ» وەسف کرد و داوای لەو ماڵپەڕە کرد کە «دەستبەجێ» ئەو ڕاپۆرتە بسڕێتەوە.
پێشتر ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایگەیاندبوو کە "ترامپ ئامادەیە لە بەرانبەر هەڵگرتنی هەنگاوی دیاریکراو لەلایەن ئێرانەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، ڕەزامەندی لەسەر کەمکردنەوەی سزاکان و ئازادکردنی دارایی و سامانی بلۆککراوی ئێران بدات".
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس، ئەم پێشنیارە لە دۆخێکدا خرابووە ڕوو کە قەتەر و پاکستان بە ناوەندگیریی هەوڵ دەدەن دانوستانە ناراستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنگتۆن پێش بخەن.