کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاکبی: ئەگەر ئێران پاشەکشە نەکات، ڕووبەڕووی گوشاری زۆر توندتر دەبێتەوە

09:33 - 13 خەرمانان 2726

مایک هاکبی، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و دەستدرێژییە ناوچەییەکانی پاشەکشە نەکات، ڕووبەڕووی گوشار و زەبری بەهێزتری واشنگتۆن دەبێتەوە.

هاکبی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "جێروزالم پۆست" وتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر نەگۆڕینی ڕێڕەوی خۆی، سەرەڕای مانگەکان لە گوشاری سەربازی و ئابووری، زیاتر لە پێشوو بێ‌هیوا بووە.

هاکبی جەختی لە سووربوونی واشنگتۆن بۆ ڕێگریکردن لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی کردەوە و ڕایگەیاند ڕێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان پیتاندنی ئۆرانیۆم بەردەوام بکات؛ بۆیە ئەگەر لەسەر ئەم سەرەڕۆییە بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی زەبرێکی سەربازیی زۆر قورستری ئەمریکا دەبێتەوە.

باڵوێزی ئەمریکا هیوای خواست کە ئێران پێش هەڵگرتنی هەنگاوی زیاتر لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات و ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، هاوکات ئاستی هاواهەنگییە سەربازییەکانی دوایی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلی دژی ئێران بە بەرز و بێ‌وێنە وەسف کرد.