کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران

14:09 - 7 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە خانەنشینانی موخابرات لە شارەکانی ئەهواز، ئێسفەهان، كرماشان و سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، خانەنشینانی موخابرات لە شارەکانی ئەهواز، ئێسفەهان، كرماشان و سنە بۆ بەدواداچوونی داواکارییە بژێوی، دەرمانی و یاساییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. هاوکات کارمەندان و خانەنشینانی شیرکەتی دارستانەکانی شەفاڕوود و کارمەندانی شیرکەتی هێپکۆ لە ناڕەزایەتی بە کێشەکانیان دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

خانەنشینانی ناڕازی، سوودمەندبوون لە بیمەی تەواوکەر، جێبەجێکردنی هاوسەنگکردنی مووچە بەپێی یاسا، جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ۸۹/۲۴، پێدانی تەواوی قەرزە دواکەوتووەکان و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی دەرمان و بژێویی ژیانیان وەک بەشێک لە داواکارییەکانیان خستە ڕوو.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کرێکارانی خانەنشینی شیرکەتی دارستانەکانی شەفاڕوودی تالش، لە بەرانبەر بینای پارێزگاری گیلان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەم کرێکارانە دەڵێن سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری دادوەری بۆ دەرکردن لە ساڵی ۱۳۸۸، ئەم بڕیارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە مافی کرێکاران تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ئەو زەوییانەی کە بڕیار بوو بەسەر کرێکاراندا دابەش بکرێت لەلایەن کەسانی دیکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

هاوکات کۆمەڵێک لە کارمەندانی شیرکەتی هێپکۆ لە ئەراک لە ناڕەزایەتیی بە دیارینەکردنی بەڕێوەبەری شیرکەت و کێشەکانی ناو پێکهاتەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن، لە بەرانبەر ئەم شیرکەتە کۆ بوونەوە.

ناڕازییان بە دەربڕینی ئەوەی کە بەردەوامیی نادیاری بەڕێوەبردن، ڕەوتی چالاکیی کۆمپانیای تووشی کێشە کردووە، داوایان کرد هەرچی زووترە بەڕێوەبەری گشتی دیاری بکرێت و دۆخی کارگێڕی و بەڕێوەبەردنی هێپکۆ ڕێکخستنەوە بۆ بکرێت.

شایانی باسە بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لەلایەن یەکەی ئامار، بڵاوکردنەوە و ئارشیڤی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە ساڵی ۱۴۰۴دا لانیکەم ۲۵۵۱ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا تۆمار کرا.

بەپێی جیاکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، ۷۲۴ کۆبوونەوەی کرێکاری، ۷۵۷ کۆبوونەوەی پیشەیی، ۷۹۳ کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە بواری بیرکردنەوە و دەربڕین، ۴۰ کۆبوونەوە لە بواری مافی خوێندن، ۳۲ کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە ژینگە و ۲۰۵ کۆبوونەوەی تری هاووڵاتییان لە ۳۱ پارێزگادا بەڕێوە چووە.

هەروەها لە هەمان ماوەدا لانیکەم ۴۱ مانگرتنی پیشەیی و ۳۹۰ مانگرتنی کرێکاری تۆمار کراون.