کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی سەرکوتی ژنان؛ ئێژەیی فەرمانی بەرەنگاربوونەوەی ئازادیی جلوبەرگی دەرکرد

15:03 - 7 رەزبەر 2726

دەسەڵاتی بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، لە ترسی تەشەنەسەندنی ئازادییە تاکەکەسییەکان و شکستی بەرچاوی حیجابی زۆرەملێ، خولێکی دیکەی گۆشەگیری و ڕاوەدوونانی بەسەر ژنانی ئێراندا سەپاندەوە و داوای بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەتییەکانی کردووە بۆ ڕاگرتنی خەباتی مەدەنیی ژنان.

غۆلامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، فەرمانی بە داواکاری گشتیی ئێران کرد لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و وەزارەتی نێوخۆ، ڕێکارەکانی سەرکوتکردنی "جلوبەرگی ئازاد" بخەنە سەرەوەی کارەکانی شۆرای ئەمنییەت.

ئێژەیی بە ناوهێنانی ئازادیی جلوبەرگ وەک "ڕووتبوونەوە"، هەوڵ دەدات کەشی تۆقاندن لە شارەکاندا توندتر بکاتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم سەرەڕای هەڵاوسان، گرانی، هەژاری و داڕمانی کەرتی ئابووری و پیشەسازی، سەرکوتکردنی جلوبەرگی ئازاد و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێی دڵخوازی ڕێژیمی لە پێشەوەی هەموو کارەکان ناو برد.

ئەم شاڵاوە نوێیەی سەرکوت لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ سەپاندنی یاسای جێبەجێنەکراوی "عیفاف و حیجاب" تووشی شکستی گەورە بووە.

کۆماری ئیسلامی هەمیشە جلوبەرگی ژنانی وەک ئامرازی گوشار و تۆقاندنی کۆمەڵگە بەکار هێناوە. هەوڵە بەردەوامەکانی تاران بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، دەرخەری نەبوونی ڕەوایەتیی ڕێژیم لە سەرانسەری کوردستان و ئێران و بەربەرەکانێی ئاشکرای خەڵک بەرانبەر بە ڕێژیمێکی سەرکوتکەرە.