کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ بەندکراوی سیاسیی ژن لە ئێڤین لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کران

15:07 - 7 رەزبەر 2726

بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین وەک تۆڵەیەک لە ناڕەزایەتییەکانی ناو بەندیخانە، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی لانیکەم ٢٣ بەندکراوی سیاسیی ژنی بۆ ماوەی ٣ تا ٩ حەفتە قەدەغە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ناڕەزایەتی بەرانبەر دانانی کامێرای چاوەدێری لە شوێنە تایبەتەکان، ڕەفتاری نەشیاوی هێزەکان لە کاتی گواستنەوەیان بۆ بنکە تەندروستییەکان و بێبەشکردنیان لە جلوبەرگی ئازاد، هۆکاری سەرەکیی سەپاندنی ئەم سزایانەن.

لە ناو سزادراواندا، گوڵڕوخ ئیرایی و سەکینە پەروانە (٩ حەفتە)، غەزەڵ مەرزبان (٧ حەفتە) و نەنسیم سیمیاری (٦ حەفتە) بێبەش کراون.

بەندکراوانی وەک "پەخشان عەزیزی"، "وریشە مورادی" و "شەکیلا مۆنفرەد"یش کەوتوونەتە بەر ڕاگرتنی پەیوەندیی تلفۆنی و گوشاری دەروونی.

وریشە مورادی زیاتر لە دوو مانگە لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە؛ دوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیش، تەنیا ڕێگەی پێ دراوە پەیوەندی بە دوو ژمارەوە بکات لە کۆی حەوت ژمارەی تۆمارکراوی.

کۆماری ئیسلامی بە زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی وەک چاوپێکەوتن و پەیوەندی، هەوڵ دەدات ئیرادەی بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز بشکێنێت؛ کردەوەیەک کە پێشێلکاریی ئاشکرای پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.