کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عومان پێشنیاری ئێران بۆ وەرگرتنی باج لە کەشتییەکانی گەرووی هۆرمۆزی ڕەت کردەوە

09:58 - 13 خەرمانان 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ئاشکرای کرد وڵاتی عومان پێشنیارێکی ڕێژیمی ئێرانی بۆ وەرگرتنی هاوبەشی باج و تێچووی خزمەتگوزاری لە کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز ڕەت کردووەتەوە، بەمەش ئیدیعاکانی حەفتەی ڕابردووی سپای پاسدارانی وەدرۆ خستەوە.

نیویۆرک پۆست لە زاری بەرپرسێکی باڵای ناوچەکەوە بڵاوی کردەوە مسقەت تەنانەت ئامادە نەبووە بە شێوەیەکی دڵخوازانەش ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی هیچ باجێک نیشان بدات لە بەرانبەر خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژینگە و ئەمنییەت لەم ڕێڕەوەدا.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، حەفتەی ڕابردوو لە تاران لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە و جەختیان لەسەر پرسی گەرووی هۆرمۆز کردەوە.

دواتر سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند لەسەر دابەشکردنی داهاتی گەرووی هۆرمۆز لەگەڵ مسقەت ڕێککەوتوون.

بەڵام عومان پێشنیاری کۆماری ئیسلامیی ڕەتکردووەتەوە و هەوڵە بەربڵاوەکانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە بەرچاو گرتووە.

ئەم بڕیارەی عومان لە کاتێکدایە کە واشنگتۆن پێشتر هۆشداریی توندی دابووە مسقەت و دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەو وڵاتە لەگەڵ تاران بۆ سەپاندنی باج لەسەر کەشتییەکان، ڕەنگە ڕووبەڕووی وڵامی سەربازیی ئەمریکای بکاتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، گەمارۆدانی دەریایی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە ڕێگە بە جێبەجێکردنی هیچ جۆرە گەڵاڵەیەکی وەرگرتنی باج نادات.

هاوكات گوشارە ئابوورییەکانی واشنگتۆن بۆ سەر تۆڕە داراییەکانی سەر بە تاران لە ئیماراتیش زیادی کردووە و وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەند دامەزراوەیەکی دارایی ناوچەکەدا سەپاندووە؛ ئامانج لەم هەنگاوانەش ناچارکردنی کۆماری ئیسلامییە بۆ پاشەکشە، داماڵینی تەواوەتیی چەکی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ سەر میزی گفتوگۆکان.