هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" چووە حەفتەی ١٤٠ـەمینی خۆییەوە و لەم حەفتەیەدا بە ئامادەبوونی بەندیخانەکانی "دەڕەشار" لە پارێزگای ئیلام و "مێشگینشار" لە پارێزگای ئەردەبێڵ، ژمارەی ئەو بەندیخانانەی پەیوەستی ئەم هەڵمەتە ناڕەزایەتییە بوون گەیشتە ٦٦ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا.
لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەی کارزارەکەدا کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بڵاو کراوەتەوە، ڕێز لە گیانلەدەستداوانی سەرکوتکارییەکانی چوار دەیەی ڕابردوو گیراوە، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ گیانیان لەدەست دا.
بەپێی بەیاننامەکە، تەنیا لە مانگی خەرماناندا ڕێژیمی ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر ٧٩ کەسدا جێبەجێ کردووە کە ٦ ژن و ١٠ هاووڵاتیی بەلووچیان تێدایە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە ئێستادا لانیکەم ٢٠٠ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی کە بەشێکی زۆریان لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ن، لەژێر هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان.
ئەندامانی کارزارەکە جەختیان کردووەتەوە کە بەرەوپێشچوونی ئەم جووڵانەوەیە و پەیوەستبوونی بەردەوامی بەندیخانەکان، نیشاندەری بێزاربوونی قووڵی کۆمەڵگەیە لە سێدارە و سەلمێنەری بێبایەخیی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمە.
لە کۆتاییدا بانگەواز لە سەرجەم چین و توێژەکان و ئازادیخوازان کراوە تا دەنگی بەرهەڵستکاریی "نا بۆ سێدارە" بەرزتر بکەنەوە و پێش بە ماشینی کوشتاری ڕێژیم بگرن.