کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو دەسبەسەرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە سێدارە دران

08:52 - 8 رەزبەر 2726

دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی عەلی هێمەتی سیستانی و مەجید نیک‌‌ئەندیش، دوو لە خۆپیشاندەرە دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی لە مەشهد، جێبەجێ کرد.

سەرلەبەیانییی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی ڕەزبەر، ئاژانسی میزان سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی سزای دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم دوو کەسە دەستیان لە کوژرانی چوار هێزی چەکداری ڕێژیمدا هەبووە.

 دەزگای دادوەریی ڕێژیمی تاران چ لە کاتی دەسبەسەرکردن، چ لە کاتی دادگاییکردن و چ دوای لەسێدارەدانی ئەو دوو دەسبەسەرکراوە، هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو و پشتڕاستکردنەوەیان بۆ بانگەشەی کوژرانی چوار ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بڵاو نەکردووەتەوە.

ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر ئەو تۆمەتانە لەژێر دانپێدانانە زۆرەملێکاندا خراوەتە پاڵ ئەو دوو کەسەی لە سێدارە دراون.

شایانی باسە ئەوە لەکاتێکدایە کە دەیان ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لەسەر وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لە دەسبەسەرکراوان و کەڵکوەرگرتن لێیان بۆ دەرکردنی حوکمی قورس بڵاو کراوەتەوە.

دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکەش ناڕەزایەتییە ڕەوا دژەحکوومییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی بە «کوودەتا» و خۆپیشاندەرانی بە «بەکرێگیراوانی دوژمن» و «ئاژاوەگێڕ» ناو برد.

کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی ڕابردوودا ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خستووەتە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و لەو بانگەشەیە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتکردن، دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران کەڵک وەردەگرێت.

هەر لە پێوەندییەدا، سزای لەسێدارەدانی ئومید گوودەرزوەند چگێنی، خۆپیشاندەری زیندانیکراویش، پەسەند کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ٢٤ی خەرمانان ڕایگەیاند کە لانیکەم سەد خۆپیشاندەری دەسبەسەرکراو، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

شایانی باسە لە کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا زیاتر لە  ٣١  کەس لە خۆپیشاندەرانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی لە سێدارە داوە.

هەروەها ناوەندە مافی مرۆییەکان سەبارەت بە دادگاییە خێراکان، بێبەشبوونی تۆمەتباران لە پارێزەری هەڵبژێردراو و دەرکردنی سزای مەرگ لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراون، هۆشدارییان داوە.