کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مای ساتۆ: گەڵاڵەی "بەرەنگاربوونەوەی دەستی دەرەکی" هەوڵێکی دیکەیە بۆ کپکردنی دەنگی خەڵکی ئێران

10:02 - 13 خەرمانان 2726

مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، لە کاردانەوە بە یاسای نوێی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە "بەرەنگاربوونەوەی دەستی دەرەکی"، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم گەڵاڵەیەی کرد و هۆشداری دا کە ئەم گەڵاڵەیە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

ئەمڕۆ هەینی ١٣ی خەرمانان، مای ساتۆ ڕایگەیاند: "ئەم گەڵاڵە نوێیە، سیاسەتی بەئەمنییەتیکردنی پێوەندییەکان بۆ بوارەکانی زانستی، فەرهەنگی و ئابووری دەگوازێتەوە و بەپێی ئەم یاسایە، بەشداری لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان یان هاوکاریی زانستی لەگەڵ دەرەوەی وڵات دەبێت تەنیا بە ڕەزامەندیی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بێت".

ئەو لێدوانەی مای ساتۆ لە کاتێکدایە کە کۆمیتەی یاسادانانی مەجلیسی ڕێژیم، ٣٣ خاڵی ئەم گەڵاڵەیەی پەسەند کردووە.

شارەزایانی یاسایی پێیان وایە کە پێناسە ناڕوونەکانی "نفووز" لەم گەڵاڵەیەدا، نەک تەنیا پێشێلکاریی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکوو لەگەڵ یاساکانی ڕێژیمی ئێرانیشدا نایەتەوە و هەڕەشەی لەسەر ژیان و ئازادیی هاووڵاتییان دروست کردووە.

هەروەها لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هۆشداریی دابوو کە خاڵە ناڕوونەکانی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی پچڕانی پێیوەندیی هاووڵاتییان لەگەڵ میدیا جیهانی، زانکۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەر جۆرە پێوەندییەک لەو بارەوە، وەک تاوانی ئەمنییەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

پێشتریش لە مەجلیسی ڕێژیمدا چەندین یاسا وەک "پەرەسەندنی سزای سیخوڕی" بە مەبەستی سەرکوتکردنی زیاتری ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی پەسەند کراوە.

خەڵکی ئێران لەژێر سایەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نزیک بە ٥ دەیەیە لە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانیی سەربەخۆ بێبەری کراون و هەر جۆرە چالاکییەکی لەو چەشنە کە لە خزمەت دەسەڵاتدارانی تاراندا نەبێت، دەمکوت کراوە و تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتە پاڵ و مەجلیس کە دەبێت هەموو یاسایەک لەپێناو بەرژەوەندیی، خۆشگوزەرانی و سەرچاوەی ئەمنییەت و بژێویی خەڵکەکەی بێت، بەپێچوانەوە لە ئیراندا مەجلیس تەنیا بووەتە کەرەستەیەک بۆ داپۆشین تاوانەکانی دەسەڵات و تەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین.