ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا نووسیویەتی کە کەمبوونەوەی توانای کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک کەرەستەیەکی گوشار لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، مەترسیی ئاڵۆزتربوونی ڕەوشەکە و هەڵگیرسانی پێکدادانی زیاتری بەرز کردووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزی دەریایی ئەمریکا و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی کەنداو لە بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکانی ئێران یان دەربازبوون لێیان سەرکەوتووتر بوون و هەناردەی نەوتی ناوچەکە گەیشتووەتە نزیکەی ١٣ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە بەرانبەردا، کۆماری ئیسلامی لە کاتی توندکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە نەیتوانیوە نەوتی خۆی لە گەرووی هۆرمۆزەوە ڕەت بکات و کۆگاکانی نەوتی ئێرانیش لە دەرەوەی بازنەی گەمارۆکە بە خێرایی لە کەمبوونەوەدان.
واڵستریت ژۆرناڵ هۆشداریی داوە کە دابەزینی داهاتی نەوتی و لەدەستدانی ئامرازی گوشاری هۆرمۆز ڕەنگە تاران بەرەو توندکردنەوەی هەنگاوە سەربازییەکانی ببات.
لەم چوارچێوەیەدا، سەنەم وەکیل، شارەزای دامەزراوەی چەتمهاوس ڕایگەیاندووە ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی جووڵەیەکی مەترسیدارتر و بەرفراوانتربوونی پێکدادانەکان.