ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە ڕێوڕەسمێکدا لە بنکەی هونەری شاری پیرانشار و بە ئامادەبوونی فێرخوازان، چالاکوانان و چەندین کەسایەتیی کولتووریی ناوچەکە، بڕوانامەی کۆتایی خولی سەرەتایی ڕێنووسی زمانی کوردی پێشکەش بە فێرخوازان کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمێکدا، ڕێز لە ماندووبوون و هەوڵە بەردەوامەکانی مامۆستا نارین ڕەحمانی، مامۆستای ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی خولەکە گیرا کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پەروەردەکردن و فێرکردنی بەشداربووان و خزمەتکردن بە زمانی دایک هەبووە.
بنکەی هونەری پیرانشار وەک یەکێک لە ناوەندە سەربەخۆ و چالاکەکانی بواری کولتوور و هونەر لە ناوچەکەدا دەناسرێت. ئەم بنکەیە لە ڕێگەی ڕێکخستنی خولی جۆراوجۆری فێرکاری لە بواری زمانی کوردی، ئەدەبیات، هونەرە شێوەکارییەکان و بەڕێوەبردنی کۆڕی ئەدەبی و کولتووری، بە بەردەوامی هەوڵ بۆ پاراستنی ناسنامەی کولتووری، پەرەپێدانی زمانی دایک و گەشەپێدانی بەهرەی لاوان و خوازیارانی ناوچەی پیرانشار دەدات.