کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتهێنانی ١٠٠ هەزار مامۆستا؛ پەروەردە لەژێر گوشاری کەمیی هێزی کار و مووچەی نزمدا

13:08 - 8 رەزبەر 2726

وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووی کەمیی نزیکەی ١٠٠ هەزار مامۆستا بووەتەوە؛ قەیرانێک کە هاوکات لەگەڵ کەمیی مووچەی مامۆستایاندا، گوشارێکی قورسی خستووەتە سەر قوتابخانەکان و توێژی پەروەردکاران.

بەیتوڵڵا عەبدوڵڵاهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند مووچەی مامۆستایانی لاو نزیکەی ١٨ تا ۲۰ میلیۆن تمەنە، بەڵام بە هەژمارکردنی تێچووی هاتوچۆ لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، داهاتی مانگانەیان هەندێک جار بۆ ١٤ تا ١٥ میلیۆن تمەن دادەبەزێت.

ئەم کەمیی هێزی کارە وای کردووە وەزارەتی پەروەردە بۆ پڕکردنەوەی پۆلەکان دیسان پەنا بۆ بەکارهێنانی خانەنشینان بباتەوە؛ ئەوە لەکاتێکدایە کە زۆرێک لە دەزگا دەوڵەتییەکان بەدەست کەڵەکەبوونی هێزی ناکارا و بەفیڕۆدانی سەرچاوە داراییەکانەوە دەناڵێنن.

بەردەوامیی دۆخێکی لەم شێوەیە نیشانی دەدات کە دەسەڵات بۆ یەکێک لە سەرەکیترین کەرتی کۆمەڵگە هیچ بەرنامەیەکی کاریگەری نییە.

کاتێک پۆلی خوێندن مامۆستای نییە و پەروەردکاران بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، ئیدیعاکانی ڕێژیم سەبارەت بە بایەخدان بە پەروەردە و داهاتووی نەوەی نوێ، هیچ نییە جگە لە دروشم.