وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سێ دامەزراوەی لە ئێران و ڕووسیە بەهۆی تێوەگڵانیان لە دابینکردنی کەرەستەی سەربازی و گواستنەوەی چەک بۆ کۆماری ئیسلامی گەمارۆ دا. ئەم هەنگاوە ساڵێک دوای گەڕانەوەی سنووردارکردنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت.
لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ساها"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران بەهۆی گواستنەوەی چەک، نووسینگەی داڕشتنی "یاکۆڤلێڤ"ی ڕووسیە بەهۆی ڕادەستکردنی فڕۆکەی جەنگیی "یاک-١٣٠"، و شیرکەتی کەشتیوانیی "ئێم جی-فلوت"ی ڕووسیە بەهۆی گواستنەوەی مووشەکی بالستیک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سزا دران.
ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و پەکخستنی ئەو تۆڕانەیە کە چەک و دڕۆن بۆ ڕێژیمی ئێران دابین دەکەن.
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ۱۰ کەس و ناوەندی دیکەی بەهۆی دابینکردنی پارچەی سەربازی بۆ وەزارەتی بەرگریی ئێران سزا داوە.