کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی پڕۆژەی "جەوانیی حەشیمەت" لە سایەی قەیرانی ئابووریدا؛ ٣٢٪ی دانیشتووانی کرماشان بەرەو بەساڵاچوویی دەچن

13:24 - 8 رەزبەر 2726

ڕاپۆرتە فەرمییەکانی خودی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدەن کە سەرەڕای بانگەشە و تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ پڕۆژەی بەناو "جوانیی حەشیمەت"، ئەم سیاسەتەی دەسەڵات بە تەواوی تووشی شکست بووە. دۆخی خراپی ئابووری، هەڵاوسانی بەرز و نەبوونی هیوای داهاتوو لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان، بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیری و منداڵبوون.

بەپێی دانپێدانانی مەجید دەرویشی، بەڕێوەبەری گشتیی بێهزیستیی پارێزگای کرماشان، لە کۆی زیاتر لە یەک میلیۆن و ٩٩٠ هەزار کەسی دانیشتووی پارێزگاکە، ئێستا زیاتر لە ٢٨٠ هەزار کەس (واتە ١٤.١٪) بەساڵاچوون. ناوبراو هۆشداریی داوە کە تا ساڵی ١٤٣٠ (٢٠٥١)، ڕێژەی بەساڵاچووان لە کرماشان دەگاتە ٣٢٪ و پارێزگاکە دەکەوێتە ڕیزبەندی شەشەمی وڵات لە ڕووی پیریی جەماوەرەوە.

ئامارەکان نیشان دەدەن کە شارۆچکەکانی داڵاهۆ بە ١٨.٣٪، سونقوڕ بە ١٧.٩٪ و گیەڵان بە ١٦.٨٪ بەرزترین ڕێژەی پیرییان تێدا تۆمار کراوە. هەروەها ٥٣٪ی بەساڵاچووانی پارێزگاکە ژنان و ٤٧٪یان پیاوانن، کە ٧١٪یان لە شارەکان و ٢٩٪یان لە گوندەکاندا دەژین.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە دروشمەکانی دەسەڵات بۆ هاندانی منداڵبوون نەیتوانیوە ڕێگری لە قەیرانی پیریی حەشێمەت بکات؛ چونکە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی هاوسەرگیری و ڕەتکردنەوەی منداڵبوون، داڕمانی ئابووری، بێکاری و نەبوونی گەرەنتیی بژێویی ژیانە کە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە.