کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارەمین ساڵیادی "هەینیی خوێناویی زاهێدان"؛ ناڕوونی لە پرۆسەی دادوەری و کوشتاری بێ سزا

15:24 - 8 رەزبەر 2726

ئەمڕۆ، ٨ ڕەزبەری ١٤٠٥، چوار ساڵ بەسەر کارەساتی "هەینیی خوێناویی زاهێدان"دا تێپەڕ دەبێت؛ ڕووداوێک کە لە پاشخانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ساڵی ۱۴۰۱ و دوای دەنگدانەوەی هەواڵی دەستدرێژیی فەرماندەیەکی پۆلیس بۆ سەر کچێکی تەمەن ۱۵ ساڵەی بەلووچ خولقا.

لەو ڕۆژەدا، هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕێژیم لە دەوروپشتی مزگەوتی "مەککی" بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی جەنگی تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد، کە لە ئەنجامدا لانیکەم ۱۰۰ هاووڵاتیی بەلووچ، لەوانە ۱۵ منداڵ، گیانیان لەدەست دا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سەرەڕای بەردەوامیی ناڕەزایەتییە حەفتانەکان، ڕەوتی ڕاپەڕاندنی دادوەری بۆ ئەم دۆسییەیە لەگەڵ سستی و کەمتەرخەمیی جیددی و بەئەنقەست بەرەوڕوو بووەتەوە.

دوای پێکهاتنی تۆمەتنامە بۆ ۲۶ کەس، دادگای باڵای سیستان و بەلووچستان لە خەرمانانی ١٤٠٤دا تەنیا حوکمی تا ۱۰ ساڵ زیندانی بۆ هەندێک لەو هێزانەی کە دەستیان لەم بابەتەدا هەبووە بە تۆمەتی "کوژرانی ئەنقەست" بڕییەوە؛ حوکمێک کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی مامۆستایانی ئایینی لەوانە مەولەوی عەبدولحەمید و بنەماڵەی قوربانییان بووەوە.

هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی زۆربەی تاوانبارانی ئەم کوشتارە، بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیم هەڵمەتەکانی گرتن و گوشاریان بۆ سەر برینداران و شاهیدحاڵەکانی ئەو کارەساتە چڕتر کردووەتەوە.

چوار ساڵ دوای ئەو ڕۆژە، دۆسیەی زاهێدان وەک یەکێک لە ڕەشترین پەرەکانی سەرکوتکاری لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ماوەتەوە.