کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕخوازیی ڕێژیم قەیرانی تەندروستی لە ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە

10:39 - 10 خەرمانان 2726

لە لێکەوتەیەکی نوێی سیاسەتە شەڕخوازانە و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیدا کە بووەتە هۆی هەڵگیرساندنەوەی ئاگری شەڕ و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و دارایی بەسەر ئێراندا، کەرتی تەندروستیی ئێران تووشی داڕمانی جیددی بووەتەوە و هاووڵاتییان لە سەرەتاییترین پێداویستییە دەرمانییەکان بێبەش کراون.

هادی ئەحمەدی، وتەبێژی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، دانی بە کەمیی بەرچاوی واکسەنی "ئانفوڵانزا"دا نا و ڕایگەیاند بەهۆی ئاسەواری شەڕ و پەککەوتنی ئاڵوگۆڕی داراییەوە، هیچ هەنگاوێک بۆ هاوردەکردنی پشکی ساڵانەی ٣ میلیۆن دۆز نەگیراوەتە بەر.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە بەهۆی نەمانی کەرەستەی خاو، لە نێوخۆشدا "تەنانەت یەک دەنک" واکسەن بەرهەم نەهێنراوە.

سەرەڕای ئەوەی مانگەکانی خەرمانان و ڕەزبەر کاتی زێڕینی کوتانن، بەهۆی سەرکێشییە سەربازییەکانی تاران و دروستکردنی تەنگژەی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا چین و توێژە هەستیارەکانی وەک بەساڵاچووان، ژنانی دووگیان و نەخۆشانی تایبەت لە وەرگرتنی ئەو دەرمانە گرنگە بێبەش کراون.