کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بانکێکی تورکیە و دوو شیرکەتی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سپای پاسداران سزا دا

09:08 - 14 خەرمانان 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی دەوڵەتی ترامپ، گەمارۆی خستە سەر "بانکی گۆڵدن گڵۆباڵ"ی تورکیە و دوو شیرکەتی پەیوەندیداری بە تۆمەتی دەورلێدانی سزاکان و گواستنەوەی دەیان میلیۆن دۆلار بۆ هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران، سزا دا.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئاشکرای کرد بانکی "گۆڵدن گڵۆباڵ" و هەردوو شیرکەتی "گۆڵدن گڵۆباڵ وارلیک" و "گۆڵدن گڵۆباڵ پۆرتفۆی" لە تورکیە، ئاسانکارییان بۆ سپیکردنەوەی داهاتی نەوتی ئێران لە چینەوە بۆ تورکیە و بەکارهێنانی سیستەمی بانکیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی قودس کردووە تا داهاتەکان بگۆڕنەوە بۆ زێڕ و دراو.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە واشنگتۆن لە بڕینی شادەماری دارایی تاران جیدییە و وتی: "ئەم هەنگاوە ئاگادارکردنەوەیەکی ڕوونە بۆ سەرجەم دامەزراوە داراییەکان لە جیهاندا تا هاوکارییەکانیان بۆ کۆماری ئیسلامی ڕابگرن."

ئەم ڕێکارە نوێیە تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ڕاگرتنی پەیوەندییە بانکییەکانی "بانکی میسری ئێمارات" هاتە ئاراوە.

بەپێی سزاکان، سەرجەم دارایی و هەژمارەکانی ئەم بانک و شیرکەتانە لە ئەمریکا بلۆکە دەکرێن و ئەو ناوەندە بیانییانەش کە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، ڕووبەڕووی گەمارۆی لاوەکی دەبنەوە.