سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند لە کاتی سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر گەرووی هۆرمۆز لەلایەن واشنگتۆنەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیتوانیوە هیچ بارێکی نەوتی خاو لە ڕێگەی ئەم گەرووەوە ڕەوانەی چین بکات، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەرکەوتنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لە کاتی جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەمانەوە، هیچ بارێکی نەوتی خاوی ئێران بەسەرکەوتوویی لە گەرووی هۆرمۆزەوە نەگەیشتووەتە چین."
بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد، نەوتی ئێران لەنێو کەشتییەکانی گەرووی هۆرمۆزدا پەکی کەوتووە و ناگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەناردەی ڕاگرتووە و داهاتی دارایی ڕێژیمی زیاتر خستووەتە ژێر گوشارەوە.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە: "شادەماری هەناردەی ئێران لە ئاستی پچڕاندندایە؛ نەوتەکە سەرگەردانە، توانای کۆگاکردن سنووردارە و داهاتەکانیشی بە خێرایی ڕوو لە دابەزینن."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە دەوڵەتی ترامپ هەڵمەتی "ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری"ی بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرفراوانتر کردووە.