ڕاپۆرتە میدیایییەکان ئاشکرایان کرد دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرقاڵی داڕشتنی ستراتێژییەکی گشتگیری پاش شەڕ بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و فراوانکردنی "پەیمانی ئیبراهیم" دوای کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانە.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاندووە ئەم گەڵاڵەیە لە قۆناغی سەرەتاییدایە و جێبەجێکردنی بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی ئۆکتۆبری ئیسرائیل و هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا لە ٣ی نۆڤامبر دوا خراوە.
ستراتێژییەکە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بە پشتیوانیی واشنگتۆن، پەرەپێدانی پەیمانی ئیبراهیم، واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنییەتی لە نێوان ئیسرائیل و سووریە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەداری نێوان ئیسرائیل و لوبنان لەخۆ دەگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە واشنگتۆن بەنیازی کۆدەنگییەکی ناوچەیی بۆ داماڵینی چەکی حەماسە، ئەگەرچی ئەم هەنگاوە بەهۆی دژایەتیی دەوڵەتی بێنیامین نێتانیاهووە پەکی کەوتووە.
ئاکسیۆس جەختی کردەوە دەوڵەتی ئەمریکا جیا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ستراتێژییە سوورە، ئەگەرچی بەرپرسان دان بەوەدا دەنێن کە ئاکامی هەڵبژاردنەکان کارگەریی لەسەر ئاستی سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەبێت.