کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دوای شکستی هێرشە مووشەکییەکانی، ڕووی لە بڵاوکردنەوەی مینی دەریایی کردووە

09:27 - 14 خەرمانان 2726

فەرزین نەدیمی، توێژەری پلەبەرزی پەیمانگای واشنگتۆن ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەوەی هێرشە بەردەوامە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز نەگەیشتنە ئامانج، ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووی لە بەکارهێنانی مینی دەریایی کردووە.

نەدیمی ئاماژەی بەوە کرد تاران بە مەبەستی تێکدانی هاتوچۆی دەریایی و دروستکردنی گوشار بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، تاکتیکەکانی گۆڕیوە.

لەم بوارەدا، ژێنراڵ جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند: "ستراتێژیی نوێی ئێران تێکەڵکردنی مووشەک، دڕۆن و مینی دەریاییە تا مەودای ئاڵۆزییەکان بەرفراوانتر بکات و تێچووی ئەمنییەت بۆ واشنگتۆن و وڵاتانی ناوچەکە بەرز بکاتەوە."

ئەم هەڵسەنگاندنە ئەمنییەتییانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە گرژییەکان لە ڕێڕەوە دەریاییە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لووتکەدان و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی کەشتیوانیی بازرگانی بەردەوامن.