کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی تاران لە ڕاپەرینی جەماوەرییە نەک هێرشی سەربازیی ئەمریکا

10:03 - 14 خەرمانان 2726

مەجید سادقپوور، شرۆڤەکاری سیاسی و وتەبێژی کۆمەڵگەی ئێرانی-ئەمریکایی و چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی تاران لە ڕاپەرینی جەماوەریی نێوخۆ زیاتر دەترسن تا لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، بۆیە ئاڵۆزی و شەڕی دەرەکی بۆ داپۆشینی قەیرانەکان و مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بەکار دێنن.

ناوبراو جەختی کردەوە کە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بۆمبی دەرەکی نییە، بەڵکوو ڕاپەرینی جەماوەری خەڵکە.

ناوبراو زیادی کرد: "بۆ ڕێژیمێک کە نیزامی کراوە و پێویستی بە ئاڵۆزییە، بەردەوامیی مانەوەی لە ئێستادا بەندە بەو ئاڵۆزییەوە."

سادقپوور وتی، بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم، دەبێت ئەمریکا هەوڵەکانی لەسەر خەڵکی ئێران چڕ بکاتەوە؛ چونکە ڕێبەرانی ئێران تا بۆیان بکرێت ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا درێژە پێ دەدەن.

سادقپوور ئاماژەی بەوە کرد ڕێژیم بۆ لادانی سەرنجی خەڵک لەسەر ڕووخاندنی دەسەڵات، پێویستی بە دروستکردنی گرژییە؛ لەکاتێکدا واشنگتۆن بەڵێنی دابوو هەوڵی ڕووخاندنی نەدات، کەچی تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان و پێگەکان درێژە پێدا.

تاران لە ساڵانی ڕابردوودا بزووتنەوە جەماوەرییەکانی بەهۆی داڕمانی ئابووری، هەڵاوسان و ستەمی ئایینی بە خوێنڕشتن، کوشتنی مەیدانی و دەسبەسەرکردنی سەرەرۆیانەی ناڕازییان سەرکوت کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند هێنانی ئێران بۆ سەر میزی دانوستان ئامانجی سەرەکی نییە و نووسیبووی: "خەڵکی ئێران کەی دەست بە ڕاپەرین و شەڕی ئازادی دەکەن؟"